بهرێوه چوونی میتینگێک بۆ پشتیوانی کردن له خهڵکی ئێران له بهر دهرکی پارلمانی نۆروێژ.
رۆژی پێنجشممە، 11/02/2010 میتینگێک بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ، لە لایەن ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی نورویژ، لە بەر دەرکی پارلەمانی ئەو وڵاتە ، بەڕێوە چوو.
ریزبەندی کاری ئەو میتینگە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
ـ سەرەتا لە لایەن بەڕێوە بەرانی بەرنامەوە، واتە رۆشنا قادرزادە و مەنسوور عەزیزییەوە، بە خێرهاتنکردنی ئامادەبووان کرا و پاشان پێش لەوەی بەرنامەکە بە فەرمی دەست پێبکا، کۆمەڵێک درووشمی وەک ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی، نا بۆ دیکتاتۆری، بەڵێ بۆ دێموکراسی و مردن بۆ رێژیمی ئیسلامی ئێران، گووترانەوە و دواتر نۆرە گەیشت بە موحەممەد رەزا حەیدەری کۆنسولی پێشووی رێژیمی ئێران لە نورویژ و ناوبراو لە پێوەنەی لە گەڵ بارودۆخی هەنووکەی ئێران گووتەیەکی پێشکەش کرد کە نێوەڕۆکی قسەکانی ئەم باسانەی لە خۆ گرتبوو:
موحەممەد رەزا حەیدەری: سووپاس بۆ ئێوە ئازیزان کە منتان وەک یەکێک لە خۆتان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافی مرۆڤ لە ولاتەکەماندا، بە سینگ فراوانییەوە، وەرگرت.
خۆشحاڵم کە خۆم لە پەنا ئێوەدا دەبینم، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سووپاستان بکەم بۆ ئەو سی ساڵەی کە خەباتتان کردووە لە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەمڕۆ هاتوومە خزمەتتان تا منیش وەک یەکێک لە ئێوە بە هەموو هێزێکمەوە لە پێناو رزگاریی ئێران لە دەستی ئەم رێژیمە، خەبات بکەم و هاودەنگ لە گەڵ ئێوە خوازیاری نەمانی سزای لە سێدارەدان بم لە دژی لاوانی وڵاتەکەمان.
خەڵکی ئێمە دەسەڵاتی مەزهەبییان ناوێ و خوازیاری جیایی دین لە دەوڵەتن.
ئەمڕۆ وڵاتەکەمان لە سەرەتای چوونە ناو سی و دوو ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشە، کە چی جگە لە کوشتن، هەژاری، فەساد، رەشەکوژی و بێکاری و درۆ و هەڵاواردن و هەڵاتنی بیرمەندان ، خەڵکەکەمان شتێکی دیکەیان دەست نەکەوتووە.
خەڵکی ئێمە، خوازیاری هەڵبژاردنێکی ئازادن لە ژێر چاودێری کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەویش بە پێشمەرجی، ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی، ئازادی ئەحزاب و ئازادی بڵاوکراوەکان.
ناوبراو هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕای سووپاس و پێزانین لە وڵاتی نورویژ، کە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤیان لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە، مەحکووم کردووە، داوای کرد ئەو هاوکاری و پشتیوانییە درێژەی هەبێ و هاوکات لە گەڵ وڵاتانی ئوروپایی، نورویژیش هەوڵبدات بۆ وەستاندنی ئەشکەنجە و گرتن و توندوتیژی و لە سێدارەدان لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە.
پاشان پەیامی حیزبی لێبراڵی نورویژی (Venstre)لە لایەن "ترینە سکای گراند"ەوە پێشکەش کرا. دواتر پەیامی حیزبی " سووری نوروێژ( RV) لایەن "ئنگری باڵتزێرسن" ەوە خواێندرایەوە.
دوایین پەیام ، پەیامی "حیزبی سوسیالیستی چهپ" (SV) بوو کە لە لایەن نوێنەری ئەو پارتییەوە، واتە " هایکی هۆڵمس" ەوە پێشکەش کرا.
شایانی باسە ئەو میتینگە کە لە لایەن کۆمیتەی ئێرانی ـ نورویژی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران کە پێکهاتووە لە چەند لایەنی ئێرانی و کوردستانی کە یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، رێکخرابوو ، پاش کاتژمێر و نیویک کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتهی نوروێژ
13/02/2010


